ئەمە تێگەیشتنی تەواوە لە واتای ڕۆژوو

لە كتێبی (من كێم؟ ناسنامەی موسڵمانێتی پەڵەی شەرم یان سیمبولی شكۆ؟)وە

ڕۆژوو:
ڕۆژوو فێرگەیەكی گەورەیە تا تێیدا وانەی ئارامگرتن و خۆگرتنەوە ببین لە حەز و ئارەزووەكانمان، بتوانین خۆمان ڕابێنین لەوەی نابێت لە هەموو شتێكدا وەڵامی حەزەكانمان بدەینەوە، هەركات ئارەزوو بانگی كردین بۆ پڕكردنەوەی وەڵام نەدەینەوە و خۆمان بگرینەوە، نەبینە بەندە و دیلی حەز و شەهوەت.
فێرمان دەكات كە ئەو كەسەی بتوانێت مانگێك خۆی بگرێتەوە لە خواردن و خواردنەوە، بێگومان دەتوانێت هەموو تەمەنی خۆی لەسەر خواردنی تەندروست ڕابێنێت، هەركاتێك پزیشك خواردنێكی لێگرتەوە و پێی وت: زیانی بۆ جەستەت هەیە خۆی لێ بەدوور بگرێت.
ڕۆژوو پێمان دەڵێت: ئەو كەسەی مانگێك دەستی بگرێتەوە لە ئازاردانی خەڵك، زمانی بگرێتەوە لە وتنی خراپ، چاوی بگرێت لە ڕوانین بۆ شتی نەشیاو، دەتوانێت هەموو تەمەنی وتە و كردەوەكانی بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە و خاوەنی خۆیبێت.
ڕۆژوو پێمان دەڵێت: ئاگات لە هەژاران بێت و دۆخیانت لە پێشچاوبێت، بزانە كەسێك بەیانی تا ئێوارە خواردن و خواردنەوەی دەست نەكەوێت لە چ دۆخێكی سەختدایە!
ئیتر لێرەوە تەفسیری ئەو ئایەتە دەزانین كە دەفەرموێت ڕۆژوو بۆ تەقوای خوایە. [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ] {البَقَرَة: 183}. 

 1372   |    4/2/2022 5:05:38 PM

زیاتر