بڕوانە چۆنم بۆت؟ هۆنراوەیەكی ناوازەی مەحوی

لەم هۆنراوەیەدا مەحوی زۆر جوان وەسففی خۆشەویستیمان بۆ دەكات كە بریتییە لە باجدان و ڕازیكردنی خۆشەویست بە هەموو جۆرێك.

دەڵێت:

بە دەم مەوجی خوێنی ئەشکەوەم، بڕوانە چۆنم بۆت(1)!
دەروونم کەیلی زووخی دەرد و غەم، بڕوانە چۆنم بۆت(2)!

ڕەقیبی سەگ حەزی بوو، کوشتمت، سەیری کە چۆنی بۆم(3)
دوعا بۆ دەست و تێغت من دەکەم، بڕوانە چۆنم بۆت! (4)

بە غەدداری نە وەک ناوت بەرن، بمئەنجنی، قەت من
شکاتی جەوری تۆ بەر کەس دەبەم؟ بڕوانە چۆنم بۆت!(5)

هەناسەی ئاگرینم بردەوە بەر، تا دەروونم سووت
بە ناڵە تا دڵت سەخڵەت نەدەم، بڕوانە چۆنم بۆت!(6)

بیانوو بگرە، شێوەی خۆت بشێوێنە بە من کوشتن
وەها چاوی بەدت لێ لا دەدەم، بڕوانە چۆنم بۆت!

بە ئاوی گریە هەر دەم ناوی چاوم ششتووە، نەک جێت
بە خوێن ئاغوشتە بێ، تۆ، چاوەکەم، بڕوانە چۆنم بۆت!

غەمی خۆشی نیە مەحوی لە دڵیا، هەر غەمی تۆیە
لە عیشقتدا دەکەم غەم بۆ بەغەم، بڕوانە چۆنم بۆت!

__________________________

(1) مەوج: شەپۆل. ئەشك: فرمێسك. واتە: چاوم وەك شەپۆل خوێن دەڕێژێت لەبری فرمێسك و وا نوقم بووم تێیدا.

(2) كەیل: پڕ، لێوانلێو. زووخ: كێم و برین.

(3) ڕەقیب: ئەو كەسەیە كە چاودێری خۆشەویستان دەكات و لێیان تێكددەات. دەڵێت: ڕەقیب حەزی لە كوشتنم بوو، تۆیش ئەوەت كرد، بڕوانە من چۆنم بۆت و تۆیش چۆنی بۆم؟!

(4) تێغ، تیغ: ئاسنی بڕندە، وەكو شیر و ئەو بابەتانە. واتە: سەرەڕای ئەوە هێشتا من هەر نزات بۆ دەكەم كە ساغ و سەلامتبیت.

(5) واتە: ئەگەر ستەمیشم لێ بكەیت باسی ناكەم  نەوەك كەسێك بە خراپە ناوت ببات، ئەوە من ئازار دەدات!

(6) واتە: هەناسەی ئاگرینی خۆمم بردەوە ناوەوە و دەرم نەدایە دەر، وتم: قەینا با دەروونی خۆم بسووتێت نەوەك تۆ ئازار بدات!

 5281   |    9/22/2021 12:10:00 PM

زیاتر