قەسیدەیەكی پڕ سۆزی حەمدی كە باسی حاڵی هەموومان دەكات!

 

لە ترسی قەهری1 تۆ ڕەببی خەریکی شین و گریانم

جگەر خوێنین و دڵ غەمگین و شێت و وێت و عوریانم

بە دڵما فکری پرشنگی جەحیمی قەهری تۆ دەڕوا

گڕێ دەگرم دڵی دۆزەخ دەسووتێ هەر بەسووتانم

لە ئەفعالی منا ڕەش بوونەوە ئێسقان و گۆشت و پۆست

بە ڕیشی سپیەوە هێشتا خەریکی سواغی ڕیشدانم2

نە ئەمرێکم بەجێ هێنا دڵی پێ خۆش بکەم جارێ

نە خۆم لادا لە نەهیێکت موفەڕڕەح بێ کە ئیمانم

جەهەننەم باوەڕم نایێ قیامەت من لە خۆی بگرێ

ئەڵێ ئالوودە ناکەم من بە پیسی حەیفە دامانم

خەجاڵەت بووم لە ئاقاری گوناهـ ئالوودەیی من بوو

گەلێ ڕوو زەرد و شەرمندەی بەرابەر نەوعی عسیانم

پەشیمانی ئەگەر شاخی لە ئینسان دەرئەکرد بێ شک

لە گەردوون توند دەبوو شاخم بە دڵ هێندە پەشیمانم

حیسابی خۆم دەکەم قەسدم وەهایە خۆم بسووتێنم

کە فکری بەحری ئیحسانت دەکەم پڕ ئاوە لێوانم

ئەمەند خاکم بەسەردا کرد لە سەردا ئەشکی خوێنم ڕشت

بە کەیفی خۆم شوکر ئێستا لە خاک و خوێن غەڵتانم

کەل و کۆم و شەل و شێت و فوتادە و پیر و داماوم

بەجێ ماوم لە گەل چبکەم لەگەڵ هاوفکری شەیتانم

شەپۆلمدا بە بەحری ڕوو ڕەشی و عوسیانەوە هاتم

بە یادی قەترە ئاوێکی لە بەحری لوتف و ئیحسانم

وەکوو کێوی گوناهـ هاتوومەتە بەر بارەگاهی تۆ

کە موحتاجی بەقەد یەک پەڕڕەکاهی عەفوی غوفرانم

بەجاهی شەوکەت و ئیجلال و قەدر و قودرەتت حەمدی

ببەخشە چونکە وەک بەردی دڵی دەریایی حیرمانم

____________

1 قەهر: دەسەڵات و هێز.

2 واتە: پەندم لە پیریی وەرنەگرت و لەبری پەندوەرگرتن خەریكی شاردنەوە و بۆیاخكردنیم!

 1075   |    9/8/2021 6:29:27 PM

زیاتر