بۆچی وەڵامی ئەو كەسانە نادەمەوە كە قسەم لەسەر دەكەن؟ نووسینی: نەڕوان كوردی
(تكایە بە وردی بیخوێنەرەوە چونكە شتانێكی تێدایە زۆرێكمان نەمان بیستوون یان بیرمان لێ نەكردوونەتەوە، ئەوە هیچ كە جێ بەجێمان نەكردوون!) ناوبەناو بۆم دەنێرن كەسانێك قسەیان لەسەر كردووم و دەیكەن، دەیانەوێت لە کەسایەتیم بدەن و حەقیقەتەكان بشێوێنن، بەڵام تا ئێستا وەڵامی كەسم نەداوەتەوە و خوای گەورە پاراستوومی لەوەی بێمە نێو ئەم شەڕە شەخسییانەوە. بەشێوەیەكی گشتی ئەوانەی قسەت لەسەر دەكەن دوو جۆرن: جۆرێكیان مەبەستی دەركەوتنی حەقە و بە ڕەوشتەوە قسە دەكات، ئەمە نەك شیاوی وەڵامدانەوە نییە بەڵكو شیاوی دەستخۆشی لێكردن و پێزانینە (بەڵام بەداخەوە ئەم جۆرە كەمینەیەكی زۆر كەم و دەگمەنن) هەر کەس بەم شێوەیەبێ لەسەر سەرمی دادەنێم. جۆرەكەی تر بە ڕق و كینەوە قسەت لەسەر دەكات و دەیەوێت لە كەسایەتیت بدات، شتێك كە نەت وتووە و نەتكردووە بۆت هەڵدەبەستێت، یان بەدرۆوە بۆی نەقڵ کراوە ئەویش دووبارەی دەکاتەوە بەبێ بەدواداچوون، یان هەڵەیەكی بچووكت كردووە و ئەو لەلای خۆیەوە چەند قات گەورەی دەكات و شتی بۆ زیاد دەكات، یان تەنانەت شتێك كە تەوبەت لێكردووە و ڕەنگە خودا لێت بوورابێت، بەڵام ئەو لێت نابوورێ! جا بەڕاستی ئەم جۆرەیان هەر پێویست بەوە ناكات خۆتی پێوە سەرقاڵ بكەیت، گەلێك بێ نیازیت لە وەڵامدانەوە و سەرقاڵ بوون پێیەوە، چونکە هەر لەڕێوە دیارە کە مەبەستی خودا و حەقیقەت نییە. كاتێك كە یەكەم كتێبم نووسی بە زمانی عەرەبی لەساڵی (2016)، بەڵێنم دا ڕۆژێك لە ڕۆژان بەرگری لە خودی خۆم نەكەم و شەڕی نەفسم لەگەڵ هیچ كەسێكدا نەكەم، بەڵكو ئامانجم بەرگریكردن بێت لە ئیسلام و موسڵمانان نەک کەسایەتی مەروان (هۆكارەكەشی ڕوون دەكەمەوە إن شاء الله). ساڵانێكی زۆر دەمڕوانی بۆ قسەی خەڵك و وەڵامەكانیان و بیرم لێ دەكردنەوە، سەرەنجام كۆمەڵێك خاڵی وردم بۆ دەركەوتن كە بە شیاوی ئەوەم زانی هاوبەشی ئێوەی خۆشەویستی پێ بكەم، تا زیاتر دەوڵەمەندی بكەن بە سەرنجەكانتان (لەماوەی داهاتووشدا ئەم باسە دەكەمە ڤیدیۆیەك یان پۆدكاستێك إن شاء الله چونكە زۆر لایەنی پێویست و گرنگ و شاراوەی تێدایە و هەموو لایەكمان پێویستمانن) هەندێك لەوانە: 1.وەڵامدانەوە دەرگایەكە كردنەوەی بەدەستی تۆیە بەڵام داخستنی نا؛ چونكە وەڵامێكی دەدەیتەوە، وەڵامێكی ترت دەداتەوە، ناچار دەبیت تا زنجیرەیەكی بێ كۆتا لە وەڵامدانەوە بڕۆیت. جا وەڵامی ئەمت دایەوە سبەی كەسێكی تریش دێت دەبێت وەڵامی ئەوی تریش بدەیتەوە، بەو شێوەیە ژیانت یەك پارچە دەبێتە وەڵام و وەڵامكاری، بەمەش دوور دەكەویتەوە لە ئامانجی سەرەكی خۆت و نەیارانت چۆنیان بوێت بەو ئاڕاستەیا دەتبەن، بەمەش بێ پرۆژە دەمێنیتەوە. 2.دەبێت بزانین كە مرۆڤ بۆ ئەوە نەهاتووەتە دنیاوە خەریكی پاساوی كەسایەتی و ناو و شۆرەتی بێت، بەڵكو بۆ بەندایەتی خودا و ئاوەدانكردنەوەی زەوی درووستكراوە، بۆ ئەوە ئافرێنراوە هەم و غەمی ئیسلام و موسڵمانان بێت نەك كەسایەتی و ناوبانگی خۆی، (چەندە گەورەین كاتێك بەرگریكاری ئیسلامین، بە پێچەوانەوە چەندە بچووكین كاتێك دەبینە پارێزەری نەفسی خۆمان)!. 3. تا ئەوكاتەی كە تۆ خزمەتی ئیسلام دەكەیت و كەسایەتیشت دەدەیە دەست خودا، بەدڵناییەوە خودا و فریشتەكانی بەرگریت لێ دەكەن و دەتپارێزن. {وَهُوَ الْقَاهِرُ فَوْقَ عِبَادِهِ ۖ وَيُرْسِلُ عَلَيْكُمْ حَفَظَةً}(الأنعام:61). {إِنَّ اللَّهَ يُدَافِعُ عَنِ الَّذِينَ آمَنُوا ۗ}(الحج:38). بەڵام كە خۆت دەستت دایە وەڵام دانەوە و لە ئامانجە سەرەكییەكە دووركەوتیتەوە و خۆتت كرد بە سەنتەری قسە و بەرگریت، وە پلە و پێگەت لە پێشینەی كارەكانت بوو لەبری ئیسلام؛ ئەوكات دڵنیابە خوداش دەستت لێ بەردەدات! دەبێت چ كەسێكی بەدبەخت هەبێت لای وابێت خۆی باشتر بەرگری لە خۆی و ناوبانگی دەكات تاوەكو خوای گەورە، گەر نا بۆچی قایل نابێت بە بەرگریكردنی خودا و خۆی دێتە مەیدانەوە؟! 4.ئەم وەڵام و وەڵامكارییە دەیان نەخۆشی كوشندە بۆ مرۆڤ درووست دەكات و دین و ژینی دەخاتە مەترسییەوە، لەوانە: * خەوو خۆراكی لێ هەڵدەگرێت، بەردەوام چاودێری ئەو كەس و پەیج و شوێنانە دەكات كە قسەی لەسەر دەكەن، تا بزانێت چی لەسەر دەڵێن، بگرە دادەنیشێت كۆمێنت بە كۆمێنت دەخوێنێتەوە، دەڕوانێت بزانێ خەڵكی بۆچوونیان چۆنە؟ وتەكانی قایلكاربوون یان نا؟ تەنانەت گەر كەسێك هاوڕای دژەكەی بێت؛ ڕق لەویش هەڵدەگرێت و بە دووژمنی خۆی هەژماری دەكات، ئیتر بەم شێوەیە دەبێتە بەندەی خۆی و حەز و هەوای نەك بەندەی خودا و هەڵگری پەیامەكەی! * بەرگریكردنی زۆر لە خود مرۆڤ فێری درۆ دەكات، بەردەوام وای لێ دەكات پینە و پەڕۆی قسە و مەبەستەكانی بكات، تەنانەت سوێندی درۆش بخوات كە لە فڵان قسە مەبەستی فڵان شت نەبووە، ڕاستیش ناكات، ئەمەش مرۆڤ بەرەو نیفاق دەبات. * وەها دەكات لە مرۆڤ بە شێوەیەك بۆ خۆی بڕوانێت وەك ئەوەی بەفری بێ پەڵە و پەری بێ هەڵەبێت، ئیتر قەبوڵی نییە هیچ كەس قسەیەكی لەسەر بكات؛ خێرا ڕادەكات وەڵامی دەداتەوە، دەبێتە كەسایەتییەك هیچ شتێك لە هیچ كەسێك قەبوڵ ناكات و لە هیچیشدا پەشیمان نابێتەوە و ناتوانێت بڵێت: "هەڵە بووم"، هەڵەكانیشی بۆ هەمووان ئاشكرایە بێ لەخۆی!. ئیتر لێرەوە دەرگای سەدان نەخۆشی دەكاتەوە بەڕووی دڵ و دەروونیدا، لە دنیا تا بێت قەزەم و بچووك دەبێتەوە، لە دواڕۆژیشدا كۆڵ و باری تاوان باڵای بردووە بە حەوت تەبەقی ئاسماندا، ڕەنجەڕۆ خۆی!. 5.زۆرێك لەوانەی قسەت لەسەر دەكەن و بە شوێن تۆوەن خۆیان خاوەن مەشروعێك نین و لە ژیانیاندا هیچ خەونێكی گەورەیان نییە، سرووشتی مرۆڤیش وایە، یان خۆی كار دەكات، یان بە كاری خەڵكەوە خەریك دەبێت و تانە و پلاریان لێ دەگرێت، چونكە كەسی پڕ و گەورە مەودای ئەم شەڕە منداڵانانەی نییە و ڕێگەش بەخۆی نادات بێتە ناویەوە. جا ئەگەر تۆ هاتیتە ئاستی ئەوان دڵنیابە بە بردنەوە و دۆڕان هەر تۆ دۆڕاویت! 6.هەندێك لەوانە دەیانەوێت خۆیان بكەنە جێی باس و خواس و خۆیانت پێ گەورە بكەن، هەرگیز ئەوانە شیاوی ئەو نین وەڵامیان بدەیتەوە، وەك بەشار بن بورد كە داشۆرین "هەجو"ی شاعیری گەورە "جەریر"ی دەكرد، چەنی دەكرد جەریر وەڵامی نەدەدایەوە، بەشار دەیوت: "بۆ ئەوە داشۆرینی ناكەم كە زاڵ ببم بەسەریدا، بەڵكو بۆ ئەوە دایەشۆرم تا وەڵامم بداتەوە، خۆ ئەگەر وەڵامم بداتەوە ئەوا منیش دێمە ئاستی ئەو و دەبمە باشترین شاعیر"!! چەندە زۆرن ئەوانەی دەیانەوێت بە تۆ گەورە ببن و ببنە باسوخواس، ڕێگەیان مەدە. 7.تۆ لە هەموو كەس باشتر خۆت دەناسیت، كاتێك ئەو دەبینیت درۆی ئاشكرات بۆ دەكات و لەخوا ناترسێت ئیتر بۆچی دادەبەزیتە ئاستی ئەو؟ باشترین چارەیەك پشت تێكردن و ئیهمالكردنە، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: { فَاصْدَعْ بِمَا تُؤْمَرُ وَأَعْرِضْ عَنِ الْمُشْرِكِينَ}(الحجر:94). جا ئیتر كەسەكە موسڵمان بێت یان بێ باوەڕ پێویست ناكات وەڵامی بدەیتەوە و خۆتی پێوە خەریك بكەیت. ئەبو فیراسی حەمدانیش جوانی وتووە: وَرُبَّ كَلامٍ مَرَّ فَوقَ مَسامِعي ** كَما طَنَّ في لُوحِ الهَجيرِ ذُبابُ واتە: زۆر قسە هەن دێن بە گوێما و دەیانبیستم، بەڵام هەر هێندەی زڕە و زیڕەزیڕی مێشوولەی هەوا بایەخیان پێ دەدەم! 8.بەشێك لەوانەی قسەت لەسەر دەكەن ڕۆژێك لە ڕۆژان تەلەبەت بوون، یان شتێكیان لەلا ئاڵۆز بووە هاتوونەتەوە بۆ لات و چۆكیان داداوە و پرسیاریان لێ كردوویت، كەچی ئەمڕۆ بەبێ هیچ شەرمێك جنێوی ناشرینت پێ دەدەن و بێ ئەمەكن بەرامبەر ئەو ڕۆژانەی دەرسیان لات خوێندووە، یان داوای دەرسیان كردووە و پێت نەوتوون، كەچی ئێستا حەجمی خۆیانیان بیر چووەتەوە. أَعَلِّمُهُ الرِّمايَةَ كُلُّ يَومٍ ** فَلَمّا استَدَّ ساعِدُهُ رَماني واتە: هەموو ڕۆژێک فێری تیرهاویشتنم دەکرد، بەڵام هەر باسکی بەهێز بوو خۆمی پێکا! ئەوان بێ وچان تانە و پلار دەگرن و کەموکورتییەکانت بڵاو دەکەنەوە، ئەبو فیراسی حەمدانی جوانی وتووە: رجالٌ يُذِيعونَ العُيوبَ وعِندَنا ** أمورٌ لَهُمْ مَخْزُونَةٌ وَمَعَايِبُ واتە: كەسانێكن عەیبەو كەموكورتی بڵاو دەكەنەوە، خۆ لای ئێمەیش عەیبە و كەموكورتییەكی زۆری ئەوان هەیە! (ئەوەیە جیاوازی تۆ و ئەوان: ئەوەی نەتكردووە ئەوان دەیدەنە پاڵت، بەڵام تۆ بێدەنگی لەوەی كە ئەوان فیعلەن كردوویانە)! ئیتر ئەم جۆرە كەسانە كەی شیاوی ئەوەن كاتیان پێوە بكوژیت؟ بگرە هەندێك لە مامۆستاكانی ئەمانە لە دەرەوەی عێراق قسەیان لەسەر خۆم و كتێبم كردووە و تەكفیریان كردووم، دوای بڵاوبوونەوەی كتێبێكم لەسەر پێشەوا ئەبو حەنیفە بە زمانی عەرەبی، بە قسە و وەڵامەكانیاندا بۆم دەركەوت كتێبەكەیان نەخوێندووەتەوە و لە مەبەستی كتێبەكە تێنەگەیشتوون، ئیتر ئیهمالم كردن و لەگەڵیاندا نەڕۆیشتم، چونكە حەق ویست بوونایە لایەنی كەم شتەكەیان دەخوێندەوە پێش تەكفیركردن و جنێودان. جا ئەگەر مامۆستاكانیانم ئیهمال كردبێ چۆن كات دەكوژم بە خۆیانەوە؟ 9. لێكەوتەكانی ئەم بەرگریكردنە كوێرانە زۆر گەورەن لەسەر خودی كەسەكە و كۆمەڵگا و تاكەكان و جیلی نوێ، بۆیە هەرگیز ڕێگە بەخۆت مەدە ئەم دەرگایە بكرێتەوە و بچیتە ناویەوە. 10. بوونی ئەم کەسانە کە نادادن و دەتکەنە شەیتان نیعمەتی خودایە تا لەخۆت نەگۆڕێیت و تووشی کیبر نەبیت، چونکە خەڵکانێک زیادڕەوی دەکەن لە پیاهەڵدانتا بەمان تای تەرازووەکە هاوسەنگ دەبێتەوە و تووشی بەخۆسەرسام بوون نابیت. لە كۆتاییشدا دەڵێم: لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە مرۆڤ خۆی بناسێت و بەرگی قودسیەت نەكات بەبەری خۆیدا و وانەزانێ لە ڕەخنە بەدەرە و شیاوی هەڵەكردن و ڕاستكردنەوە نییە، گەر وامان دانا ئێمەیش مرۆڤین و هەڵە دەكەین ئیتر لامان ئاسایی دەبێت هەڵە بكەین و ڕەخنەمان لێ بگیرێ و دان بە حەقیشدا بنێین. ئەمە كورتەیەك بوو بە پێویستم زانی باسی بكەم بۆ ئێستا، بە ویستی خوای گەورە ئەم بابەتە دەكەمە محازەرەیەكی درێژ یان پۆدكاستێك و باسی هەموو زیان و لێكەوتەكانی دەكەم و نموونە گەلێكی واقیع و مێژووش دەهێنمەوە و چەندین لایەنی شاراوەی باس دەكەم كە دەرەنجامی بیركردنەوەی قوڵی ساڵانێكی زۆر و هەوڵێكی زۆرە بۆ پەروەردەی نەفس و بەدواداچوونی ئەم بابەتە (كە هێشتا هەر جەنگەكە لەگەڵ نەفسمدا بەردەوامە، ئومێدەكەم بە سەریدا زاڵ ببم). خوای گەورە هیدایەتی هەموو لایەكمان بدات، ڕق و كینە لە دڵماندا نەهێڵێت، ئێمە و نەیارەكانیشمان لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ حەشر بكات و هەموومان بخاتە بەهەشتەوە و بمانكاتەوە بە برای یەكتر. خوایە تۆ شایەتی بەسەرمەوە كە لە دڵما ڕقی هیچ خوشك و برایەكم جێی نەبووەتەوە و نابێتەوە ئەگەرچی خۆشی بە نەیارم بزانێت و دژایەتیم بكات، بەڵام من هەر بە كەسی خۆمی دەزانم و لە نزای خێر زیاترم بۆ نەكردوون و ناشیكەم إن شاء الله. تێبینی: ئەم بابەتە هێشتا تەواو نەبووە و وێنەکە وەکو خۆی بە تەواوی نەگەیشتووە، هەڵیدەگرین بۆ پۆدکاستێک إن شاء الله 🌹
مەروان كوردی 2 ی شەوالی ی 1446 كۆچی 12 ی خاكە لێوەی 2725 ی كوردی 31 / 3 / 2025 زایینی
بۆچی وەڵامی ئەو كەسانە نادەمەوە كە قسەم لەسەر دەكەن؟
ڕەمەزان مانگی خەو و ئیسراحەت یان مانگی عیبادەت و زانست و جیهاد؟ حاڵی پێشینان لە ڕەمەزاندا. مەروان كوردی
ڤیدیۆ: تەزكیە و بژاری دەروون ، پەیامە فەرامۆشكراوەكەی پێغەمبەران! مەروان كوردی
كتێبی دەنگی: من كێم؟ ناسنامەی موسڵمانێتی پەڵەی شەرم یان سیمبولی شكۆ؟
دەنگ دابڕین و هەجر بابەتێكی كۆنكریتی نیە!
سیاسەتی برسیكردنی گەلان!
ئیمامی غەزالی دەربارەی دواخستنی تەوبە جوانی فەرمووە!
ئەمە تێگەیشتنی تەواوە لە واتای ڕۆژوو
چەند وتەیەكی جوانی پێشەوا ئیبن جەوزی دەربارەی ڕەمەزان
لەم ھەڵوێستەوە فێربە خۆت بە گەورە نەزانی!
بۆچی خودای گەورە پلەو پایەی هاوەڵانی بەرز ڕاگرت؟