دەنگ دابڕین و هەجر بابەتێكی كۆنكریتی نیە!
دەنگ دابڕین و هەجر بابەتێكی كۆنكریتی نیە!

هەجركردن و دەنگ دابڕین لەسەر خیلافی بیرووباوەڕی یەك یاسای كۆنكریتی نەگۆڕ نیە كە لێی لانەدرێت، بەڵكو ڕەچاوی مەسڵەحەت دەكرێت لە مامەڵە كردن لەگەڵ ئەو باسەدا، وەك چۆن تووندی زانایان هەیە لە بارەی بیدعەو ئەو ڕێچكانەی كەوتوونەتە بیدعەوە لە بیرووباوەڕدا، بە هەمان شێوە سەدان نمونەمان هەیە لە نەرمو نیانی لەگەڵیان و، برایەتی و پێكەوەژیان و، ڕێز لە یەك گرتن و، لای یەك خوێندن و ژن و ژن خوازی و هاوكاری ماددی و..
جا ئەمە دەبینین لە ڕەفتاركردنیان لەگەڵ تێكڕای كۆمەڵەكان: قەدەری و خەواریج و مورجیئەو ئەشعەری و موعتەزیلەو .. بۆ نمونە:
1- دارەقوتنی نێوچاوی باقەلانی ماچ دەكات و ڕێزی دەگرێت و ئەوپەڕی وەسفی دەكات(1)، لەكاتێكدا خۆی گەورەی سەلەفی و باقەلانی گەورەی ئەشعەریەكانە لەو سەردەمەدا.
2- موحاریبی كوڕی دیسار پێشەوای ئەهلی سوننە بووەو عیمرانی كوڕی حیتتان گەورەو شاعیری خەواریج ئەوپەڕی هاوڕێ بوون و نێوانیان خۆش بووە(2).
3- داودی كوڕی ئەبی هیند پێشەوای سوننەو موسای كوڕی سەییار پێشەوای قەدەریەكان نێوانیان زۆر خۆش بووەو هاوڕێی یەك بوون(3).
4- سولەیمانی تەیمی پێشەوای سوننەو فەزڵی ڕەقاشی پێشەوای موعتەزیلە هاوڕێی یەك بوون و ئەوپەڕی نێوانیان خۆش بووەو تەنانەت فەزڵ كچێكی خۆی دەداتێ(4).
5- یەكێك لە زانایانی ئەشاعیرە كە ئەوپەڕی ناكۆك بووە لەگەڵ ئیبن تەیمیە، كاتێك هەواڵی مردنی بۆ دەبەن وەك مژدە! ئەویش لە كەسەكە تووڕە دەبێت و دەڵێت: (إنا لله وإنا إلیه راجعون) پاشان دەچێتە لای كەس و كاری و سەرەخۆشییان لێ دەكات و دەڵێت من لە شوێنی ئەوم بۆتان هەر شتێكتان پێویست بێت، ئەوانیش بەم كارە ئەوپەڕی دڵخۆش بوون و نزای خێریان بۆ كرد(5)!
6- عەبادی كوڕی مەنسوڕی ناجی قەدەری بووە، وە لەگەڵ ئەیوبی سەختیانی پێشەوای سوننەت دۆستی یەكتربوون(6).
7- سەدڕەدین ئیبن موڕەحیل یەكێك بووە لەو زانایانەی ئەشاعیرە كە زۆرترین موناقەشەی لەگەڵ ئیبن تەیمیە كردووە، كاتێك ئیبن تەیمیە هەواڵی مردنی دەبیستێت دەڵێت: خودای گەورە سەبوری موسوڵمانان بدات بە ڕۆشتنت ئەی سەدڕەدین(7)!
8-ئەبو زەیدی ئەنساری پێشەوای زمانی عەرەبی قەدەری بوو، ئەسمەعی ئەهلی حەدیس بوو، بەڵام كاتێك بینی نێوچاوی ماچ كردو لە بەردەمیا دانیشت و وتی: تۆ گەورەو پێشەوامانی (50) ساڵە(8)!.
وە ئەگەر بڕوانینە كتێبەكانی تەبەقات و مێژوو ئەوا دەبینین كە دەیان پێشەوای گەورەی زمانی عەرەبی و قیرائات و تەفسیرو ئوسوڵی فیقهـ موعتەزیلە بوون، لەگەڵ ئەوەش زانایانی تر لە ئەهلی حەدیس و گروپەكانی تر وانەیان لا خوێندوون و كتێبەكانیان خوێندوونەتەوەو ئەوپەڕی ڕێزیان لێ گرتوون و نزای خێریان بۆ كردوون و بە گەورەیان ڕاگرتوون و، بەڵام بێدەنگیش نەبوون لە هەڵەیەك ئەگەر هەیان بووەو وەڵامیان داونەتەوە.
جا بە پێچەوانەی ئەمانەشەوە سەدان نمونەی ترمان هەیە كە زانایانی ئەهلی حەدیس ڕێگەیان داوە كە كۆمەڵەو تاقمەكانی تر بێنە نێو كۆڕو مەجلیس و دەرسیانەوەو سوودیان لێ ببینن.
یانی كەسێك شوێن هەواو ئارەزوو نەكەوتبێت و دینداربووبێت و خزمەتی بە ئایین كردبێت، حەق و مافی ئیسلامەتیەكەیان پاراستووە، بە ئەندازەی خزمەت و بەگەورەگرتنی ئیسلام و بەرگریكردن لێی.
بەڵكو خودای گەورە ئاسانی بكات شتێكی لەسەر بنووسین و ئەوەی هاتووە لەم بارەیەوە بیخەینە ڕوو، چونكە زۆر شاردراوەیەو زۆربەمان لێی بێ ئاگاین لەكاتێكدا سەدان نمونەی لەم شێوەیەمان هەیە.
=================

سەرچاوەكان:
(1): تَبيينُ الكَذبِ الـمُفتَرِي لِابنِ عَسَاكِرَ، ص: (256)، وَالتَّكمِلَة لِكِتَابِ الصِّلَةِ (1/209)، وَتَاريخُ دِمَشْقَ (37/392)، وَتَارِيخُ الإِسلامِ للذَّهَبِيِّ (29/406)، وتَذكِرَةُ الحُفَّاظِ (3/202)، وَسِيَرُ أعلامِ النُّبلاءِ (17/308)، وَطَبَقَاتُ الـمُفَسِّرينَ للدَّاودِيِّ (1/373).
(2): رسائل ابن حزم ، ص: (113).
(3): رسائل ابن حزم ، ص: (113).
(4): رسائل ابن حزم ، ص: (113).
(5): البِدايَةُ والنِّهايَةُ (18/95).
(6): تاریخ ابن معین روایة الدورِي (4/217)، ترجمة: (4038).
(7): شذراتُ الذهبِ (8/76)، والوافي بالوفيات (4/186)، وَفواتُ الوَفياتِ للكتبيِّ (4/14)، وَأعيانُ العصرِ (5/6)، وطبقاتُ الشافعية لابن قاضي شهبة (2234).
(8): البِدايَةُ والنِّهايَةُ (14/198).

مەڕوان كوردی
22ی ڕەمەزان ی 1441كۆچی
ئەستەنبوڵ
 306   |    8/12/2024 6:14:41 PM

زیاتر