سیاسەتی برسیكردنی گەلان!

سیاسەتی برسیكردنی گەلان!

ئەگەر بڕوانینە ئەدەبیاتی هەر زمانێك دەبینین بەشێكی زۆری تەرخان كراوە بۆ باسوخواسی برسێتی و هەژاری، وە ئەدەبیاتی گەلەكەی خۆشمان بێ بەش نیە لەو باسەو دەبینین چەندین وتەی دیارو نەمر ماوەتەوەو چەندین مانای بەرزی لەخۆ گرتووە، بۆ نمونە كورد دەڵێت:
(برسی سەربەست نیە!)، بەڵێ كەسی برسی و نەبوو كۆت و زنجیرەو بڕیارەكانی لە دەستی خۆیدا نیە، یان ئەگەر لە بنەڕەتدا هەر بڕیاریشی هەبێت، چونكە ئەو بە تەواوی دەبێتە پاشكۆی ئەو كەسەی كە ئاوڕی لێ دەداتەوە بە لەتە نانێك.
وە هەر بەم مانایە لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا هاتووە كە دەڵێن : «أَجِعْ كَلْبَك، يَتَّبِعْك». واتە: سەگەكەت برسی بكە شوێنت دەكەوێت.
(پیاوی برسی ئیمانی نیە!)، هەر بەڕاستی زۆر جار برسێتی وا دەكات مرۆڤ ئایینەكەی دانێت و لێی بێتە دەرێ هەر وەك پۆشاكی بەری، چونكە برسێتی و هەژاری ناچاری چەندین لادانی دەكات و هەندێك جار دەیگەیەنێتە لادانی گەورە، كە داماڵینیەتی لە ئایینەكەی بە تەواوی.
(سك برسی و خوانەناسی!)، ئەو كە سكی برسی بوو لەكوێ بە پەرستش و خواناسی ڕابگات، ئەوەی ئەو خەیاڵی لایەتی و بیری لێ دەكاتەوە تەنها پارووە نانێكە بە گەروویدا بچێتە خوار، ئەو جێگەی كە نانەكەی لێ بوو دەبێتە قیبلەو ڕووگەی و ڕۆژی پێنج جار سەری بۆ كز دەكات.
(برسی گرەوی لە هار بردوەتەوە)، وتەیەكی تەواو ڕاستە، چونكە كەسی برسی هیچ توانای ڕێكخستنی كاروبارەكانی ژیانی خۆی نیەو ژیانی سەراپا بە بەدبەختی و نەگبەتی بەڕێ دەكات، چەنێك كوێر خێر لە چاوی دەبینێت ئەمیش هێندە خێر لە ژیانی دەبینێت.
(كەسی برسی چ ناپرسێ)، ئەو كە پارویەك نانی نیەو ڕاكەڕاكیەتی بە دوای پێخۆرێك، لەكوێ گرنگی دەدات بەوەی لە دەوروبەری دەگوزەرێت، خودا دەكات پارویەك نان دەبێ ئیتر بەو چی شەڕە یان ئاشتی، ماف هەیە یان نیە؟! هەر بۆیە زۆرینەی ئەو وڵاتانەی سامانی سرووشتییان هەیە لە لایەن زلهێزانەوە سیاسەتی برسی كردنیان گیراوەتە بەرو بێ بەش كراون لە سەرەتاییترینی مافەكان، تا هەرگیز بیر لەوە نەكەنەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان ببنە خاوەنی بەرهەمی وڵاتەكانیان و لە چنگی بێگانەی بپچڕن..
لێرەوە دەزانین كە پێغەمبەری خۆشەویست ﷺ بۆچی بەردەوام هۆشداری داوە بە ئوممەتەكەی و فێری كردوون لەگەڵ كوفردا پەنا بە خودای گەورە بگرن لە برسێتی بەیانیان و ئێواران سێ جار، وەك هاوەڵی بەڕێز ئیبن ئەبی بەكرە دەگێڕێتەوە كە فەرموویەتی: «اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنَ الْكُفْرِ وَالْفَقْرِ، اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنْ عَذَابِ الْقَبْرِ لَا إِلَهَ إِلَّا أَنْتَ».
واتە: ئەی پەروەردگارا پەنات پێ دەگرم لە كوفرو هەژاری،  ئەی پەروەردگارا پەنات پێ دەگرم لە سزای گۆڕ، هیچ پەرستراوێك نیە شایەنی پەرستن بێت جگە لە تۆ.
وە لە گێڕانەوەیەكی تردا هاتووە كە پێغەمبەری خۆشەویست ﷺ دوای هەموو نوێژێك پەنای بە خوای گەورە گرتووە لەو سیانە.
تێبینی: مانای وا نیە هەموو هەژارێك بەو شێوەیەو ئەو قسانەی لەسەر جێ بەجێ دەبێت، بەڵكو زۆر هەژار هەیە ئەوپەڕی دامەزراو و جێگیر لە هەموو ڕوویەكەوەو زۆر كەسی هەبووش هەیە نوقم بووە لە لادان و دووركەوتنەوە لە هەموو بەهایەك، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كۆمەڵگا ئەو دۆخانەی بەسەر دێت لەكاتی هەژاریدا.
مەروان عەزیز
٩ی ڕەمەزان ١٤٤١کۆچی
ئەستەنبوڵ

 204   |    8/12/2024 6:01:22 PM

زیاتر