چۆن پێغەمبەرﷺ 700 هەزار فەرموودەی فەرمووە؟

چۆن پێغەمبەر 700 هەزار فەرموودەی فەرمووە؟

زۆرێك لە نەیارانی سوننەت ژمارەی فەرموودەكان دەكەنە بیانوو بۆ ڕەتكردنەوەی فەرموودە، دەڵێن: ئەحمەدی كوڕی حەنبەل وتوویەتی (700) هەزار فەرموودەی سەحیح هەیە، ئەگەر ئەم وتانە دابەش بكەین بەسەر ژیانی پێغەمبەرـدا بۆ هەر سەعاتێك دەبێت زیاتر لە (10) فەرموودەی فەرمووبێت.

ڕاستی ئەوانەی كە ئەم ڕەخنەیە دەگرن كۆمەڵێك ڕاستییان لێ ونە و نەزانانە ڕەخنە دەگرن، ئەگەر نا دوای ئەو ڕاستییانە ڕەخنەیان نەدەگرت، یان دوای زانین و پەیبردن بەو ڕاستییانە ڕەخنە دەگرن و مەبەستیان تێكدانی ئایینی موسڵمانانە.

ئەحمەدی كوڕی حەنبەل كاتێك وتوویەتی (صح من الحدیث سبعمائة ألف وكسر)، مەبەست لە دەستەواژەی (حدیث) تەنها فەرموودەی پێغەمبەر نییە، بەڵكو لەگەڵ فەرموودەكاندا چەندین شتی تر دەچێتە ژێریەوە، بۆ نموونە:

1.لەگەڵ فەرموودەكاندا، وتەی هاوەڵان، فەتوا و تەفسیرەكانیان، وتەی تابیعین، وتە و تەفسیرەكانیان دەچێتە ئەم بازنەیەوە، هەروەكو پێشەوا بەیهەقی دەفەرموێت: (وإنما أراد ما صحَّ من حديثِ رسولِ الله صلى الله عليه وسلم وأقاويلِ الصحابةِ وفتاوى مَنْ أَخَذَ عَنْهُمْ مِنَ التَّابعين)([1]).

واتە: مەبەستی فەرموودەی سەحیح و وتەی هاوەڵان و فەتوای تابیعیەكانیشە.

2. ئەم ڕێژەیە سیرە و مێژوویشی تێدایە، هەروەكو پێشەوا بوخاری كتێبەكەی ناو ناوە «الجامع المسند الصحيح المختصر من أُمور رسول الله صلى الله عليه وسلّم وسننه وأيامه»، ئەگەر ورد ببینەوە لە وشەی (وأيامه) دەزانین كە بەشێكی كتێبەكەی تەرخان كردووە بۆ باسكردنی ڕۆژگاری پێغەمبەری خۆشەویست .

3. ئەم ڕێژەیە ئەوەیشی تێدایە كە فەرموودەكان بە مانا گێڕدراونەتەوە، بۆ نموونە فەرموودەی ئەو ئافرەتەی خۆی پێشكەشی پێغەمبەر دەكات، هەندێك دەگێڕنەوەی بە واژەی (أنكحتكها)، هەندێكی تریان بە واژەی (زوجتكها)، واژەكان جیاوان و ماناكان یەك مانان، جا لەم بارەیەوە پێشەوا موحەممەدی كوڕی سیرین دەڵێت: «كُنْتُ أَسْمَعُ الْحَدِيثَ مِنْ عَشْرٍ، اللَّفْظُ مُخْتَلِفٌ وَالْمَعْنَى وَاحِدٌ»([2]).

واتە: فەرموودە لە دە كەسەوە دەگێڕمەوە، واژەكان جیاوازن و مانا و مەبەستیش یەكێكە.

هەروەهە پێشەوا سوفیانی سەورییش دەفەرموێت: «إِنِّي لَأَكْتُبُ الْحَدِيثَ مِنْ سَبْعَةِ أَوْجُهٍ , وَالْمَعْنَى وَاحِدٌ»([3]).

واتە: فەرموودە بە حەوت شێوە دەگێڕمەوە و ماناكەیشی یەكێكە.

جا بەم هۆكارە یەك فەرموودە دەبێتە چەندین فەرموودە.

4. هەندێك جار زانایانی فەرموودە یەك فەرموودە لە چەندین بابدا دووبارە دەكەنەوە، چونكە هەر بەشێكی و گونجاوە بۆ بابێكی فیقهی، بەمەیش یەك فەرموودە دەبێتە چەندین فەرموودە.

5. یەك فەرموودە لە چەندین ڕێگاوە بە ئێمە گەیشتووە، بۆ نموونە، فەرموودەیەكی ئیبن عەباس، پێنج زانای تابیعین لێیەوە گێڕاوەتەوە، ئەو فەرموودەیەیان بە پێنج هەژمار كردووە، چونكە پێنج ڕێگەی جیاوازی هەیە، بەم شێوەیەش ژمارەكان زیاد دەكەن.

زانایانی پێشینیش ئەم ڕاستییەیان زانیوە و ئاماژەیان پێداوە، بۆ نموونە پێشەوا شافیعی دەفەرموێت: (أُصُوْلُ الأَحكَامِ نَيِّفٌ وَخَمْسُ مائَةِ حَدِيْثٍ، كُلُّهَا عِنْدَ مَالِكٍ، إلاَّ ثَلاَثِيْنَ حَدِيْثاً، وَكُلُّهَا عِنْدَ ابْنِ عُيَيْنَةَ، إلاَّ سِتَّةَ أَحَادِيْثَ)[4].

واتە: بنەما و بنچینەكانی فەرموودەی ئەحكام بریتییە لە پێنجسەد و ئەوەندە فەرموودە، 30 فەرموودە نەبێت هەمووی لای مالیك هەیە، هەموویشی لای ئیبن عویەینە هەیە تەنها 7 فەرموودە نەبێت .

كەواتە بەم خاڵانە زانیمان هەموو ئەو ڕێژەیە فەرموودەی تایبەت نییە بدرێتە پاڵ پێغەمبەری خۆشەویست .

تەنانەت ئەگەر ئەم خاڵانەی سەرەوەیش نەبێت و ئەو ژمارەیە هەمووی فەرموودەبێت لە پێغەمبەری خۆشەویستەوە ، شتێكی ئاساییە لە كاتژمێرێكدا 10 فەرموودەی لێوە بگێڕدرێتەوە، چونكە هاوەڵان هەم وتە، هەم كرداریان گێڕاوەتەوە، تەنانەت ڕۆیشتن و دانیشتن و ئەو خواردنەیشی كە حەزی لێی بووە تۆماریان كردووە. بەڵكو شێوە و ڕووخساریشیان نەپەڕاندووە و بۆیان تۆمار كردووین.

دوای ئەمە وانازانم كەسێك حەقی بەوێت بێت و شەڕی ژمارەمان لەگەڵدا بكات.

 

كلیك لێرە بكەن بۆ بینینی ئەم بابەتە بە زمانی عەرەبی

 

مەروان كوردی

 

 



 ([1])  تهذيبُ التَّهذيبِ (7/33).

 ([2])  جامع معمر بن راشد (11/327)، برقم: (20672).

 ([3])  حلية الأولياء (7/72)، برقم: (20672).

[4]. سِيَرُ أَعْلامِ النبَلاءِ (8/459 ط: مؤسسة الرسالة.

 
 3497   |    10/2/2021 2:37:27 PM

زیاتر