لەم ھەڵوێستەوە فێربە خۆت بە گەورە نەزانی!

لەم ھەڵوێستەوە فێربە خۆت بە گەورە نەزانی!
زۆر جار لە کتێبی زانایاندا دەبینین کە باسی ئەوە دەکەن: پێویستە ھەموو خۆمانمان لەلا مەخلوقێکی گەورە نەبێت و ئەوانی دی بە بچووک تەماشا نەكەین!
ھەموو کتێبەکان ھانمان دەدەن بۆ ئەوەی خەڵکی بە چاوێکی کەم و بێ ئەرزشەوە سەیر نەکەین، ھەموو ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەری خۆشەویست ﷺ دەھێننەوە کە دەفەرموێت: (خۆ بەگەورە زانین بریتییە لە ڕەتکردنەوەی ڕاستی و بەکەم سەیرکردنی خەڵکی. رواهُ مسلِمٌ (1/93)، بِرَقَمِ: (91).
بەڵام ئەوەی پێویستمانە و زێتر فێرمان دەکات برتیبە لە نموونەی كردەیی و واقیعیی تا لێیەوە ماناو مەبەستی فەرموودەکە بزانین وەکو خۆی.
پێشەوا و زانای گەورەی ئەندەلوس "ئیبن عەبدلبەڕ" ڕەحمەتی خودای لێبێت چیرۆکێکی کاریگەرمان بۆ دەگێڕێتەوە لە گەورە زانایەكی مەدینە لەسەردەمی خۆیدا ئەویش پێشەوا "ئیبن ئەبی زیئب"ـه، کە لەم چیرۆكەدا بەدیار دەکەوێت کەسێک خۆی بە گەورە نەزانێت ھەڵوێستی چۆنە لەبەرامبەر ھەڵەی خەڵکانی تردا، چۆن بەوپەڕی نەرم و نیانی و سۆزەوە ھەڵە ڕاست دەكاتەوە، چۆن بەسنگی فراوانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تردا دەكات.

 دەفەرموێت: " گوێم لێبووە لە چەندین مامۆستامەوە کە باسیان دەکرد: غازیی کوڕی قەیس کاتێک دەچێتە شاری مەدینە فەرموودە لە پێشەوا مالیک و نافیعی قاری دەبیستێت، لەسەرەتای چوونی بۆ مەدینە و چوونە نێو مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ ەوە، لەو کاتەدا "ئیبن ئەبی زیئب" خۆی دەکات بەژووردا و دادەنیشێت، بەبێ ئەوەی نوێژی سوننەتی هاتنە نێو مزگەوت بكات!

لەو کاتەدا "غازیی"ش ڕووی تێدەکات و بەشێوەیەکی ڕەق و ناشرین پێی دەڵێت: ئەی کابرا ھەستە دوو ڕکات نوێژ بکە پێش دانیشتنت، بەڕاستی دانیشتنت لە مزگەوتدا پێش نوێژکردن نەزانییە!!
"ئیبن ئەبی زیئب"یش ھەڵدەستێت و دوو ڕکات نوێژ دەکات، پاشان دادەنیشێت.

دوای ئەوەی نوێژ تەواو دەبێت "ئیبن ئەبی زیئب" پشت دەنێت بە یەکێک لە پایەکانی مزگەوتەوە و خەڵکی لێی کۆ دەبنەوە تا لێی فێربن!
کاتێک "غازیی" ئەمەی بینی شەرم دایگرت، خەجاڵەت و شەرمەزاربوو، پرسیاری کرد ئەو کەسە کێیە؟ وتیان: ئەوە "ئیبن ئەبی زیئب"ـە یەکێک لە شەرعزانەکانی مەدینەو گەورەکانیان!
"غازیی" ھەستاو پۆزشی ھێنایەوەو داوای لێبوردنی لێکرد، "ئیبن ئەبی زیئب"یش پێی فەرموو: (يَا أَخِي لَا عَلَيْكَ، أَمَرْتَنَا بِخَيْرٍ فَأَطَعْنَاكَ). التَّمهِيْدُ لِابنِ عَبْدِ البَرِّ (20/106)، ط: وزارة الأوقاف القَطريَّة، 1387ه. واتە: برای خۆم ھیچ سەرزەنشتێکت لەسەر نییە، فەرمانت پێکردین بە خێرو چاکە ئێمەش گوێڕایەڵیمان کردیت.

خودایە ئەوە چ دڵێکە؟! چ تێگەیشتنێک و چ ئاستێکی بەرزە؟!
لێرەوە دەزانین ئەوان خاوەنی چ دڵێکی پاکبوون، چەندە خوا ویستبوون و ھەوڵی سەرخستنی نەفس و ئارەزووەکانی خۆیانیان نەداوە، بۆیە بەو شێوەیە خودا ناو و ناوبانگی ھێشتوونەتەوە، بەردەوام ڕەحمەت و دوعای خێریان بۆ دەڕوات دوای ھەزاران ساڵ لەوەفاتکردنیان.
بە دڵنیاییەوە ئەم ھەڵوێستانەشیان تاوەکو قیامەت دەمێنێتەوە بە ویستی خوای گەورە، تا ببێتە پەند بۆ ھەموو موسوڵمانێکی خوا ویست.
پێویستە لەسەر ھەموو تاکێکی موسڵمان و بە تایبەتتر زانایان و فێرخوازان دووبارە بە خۆماندا بچینەوە، تا بزانین ئایا بە پێی پێویست ڕەفتارمان ھاوشێوەی ئەم کەڵە پیاوانەیە یاخود نا؟ ھەوڵبدەین تا دەتوانین وەکو ئەوان بژین و سیرەی ئەوان زیندوو بکەینەوە تاوەکو خوداش ئەو ئایینە پیرۆزە لەسەر دەستی ئێمە زیندوو بھێڵێتەوەو شەرەفی ھەڵگرتنیمان پێ ببەخشێت.
خودایە ڕەحمەتی خۆت بنێرە بۆ ئەم زانا بەڕێزە و تەواوی زانایانی ئوممەتی ئیسلامی، وێنەیشیان زیندوو بکەرەوە لە نێو زانایان و فێرخوازانماندا.

وصلَّى اللهُ وسلَّم على نبيِّنا محمَّدٍ وعلى آلهِ وصحبِهِ أجمعينَ.

 
 1287   |    9/23/2021 7:23:15 PM

زیاتر