بۆچی خودای گەورە پلەو پایەی هاوەڵانی بەرز ڕاگرت؟

بۆچی خودا پلەو پایەی ھاوەڵانی بەرز ڕاگرت؟
کاتێک کەسی لێکۆڵەر تەماشای پەرتووکەکانی زانایانی مسوڵمان دەکات، لە دەرگای زاری ھەر تاکێکی موسڵمانی سەرڕاست و خواویست دەدات،باس باسی گەورەیی و فەزڵی ھاوەڵانی پێغەمبەری خۆشەویستەﷺ، بە جۆرێک كە چاوەکان شەیدای بینینیان و دڵەکان تامەزرۆی نزیکبونیان و سینەکان شەیدای لەباوەشگرتنیانن!

لەباسی کەڕەم و پیاوەتی،  ڕەوشتی جوان و سەنگینی، دامەزراوی و جوامێری، ئازایەتی و قارەمانی، بەرزییەکی بێ وێنەو شکۆیەکی گەش، مێژوویەکی پڕ سەروەرری و داستانێکی بێ ھاوتا!
تۆ بڵێی ئەمە ئەفسانەیەکبێت و تاکی موسوڵمان خوڵقاندبێتی، وەکو تەواوی ئەفسانەی گەلان و لە واقیعدا شتێکی وا بوونی نەبێت؟ یان ئەمە ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگرە؟!
ئێمە بۆ ئەم مەبەستە تیشک دەخەینە کۆتا ساتەکانی ژیانی ھاوەڵێکی ئازیزو قەدرگران "خوبەیبی کوڕی عەدی" خودای لێ ڕازیبێت،  کاتێک گرۆی بێ باوەڕان بەڵێنی مانەوەیان پێ دەدەن و پەیمان دەدەن کە دەستیان بۆ نەبەن، ئەگەر ھاتوو ئەمان شەڕ نەکەن لەگەڵیانداو خۆیان ڕادەستیان بکەن، ئەوانیش خۆیانیان ڕادەست دەكەن دوای ئەوەی کە خیانەتیان لێكردوون و خستونیانەتە نێو تەڵەی ناپاکی و غەدر.
ھەندێک لە ھاوەڵانی خوبەیب متمانەیان پێ ناکەن، دەجەنگن تا خوێنی گەشیان دەڕژێت و دەگەنەوە بە خودای خۆیان، بەڵام خوبەیب لە دەستیاندا دەمێنێتەوە، پەیمانەکەیان نابەنە سەر، کۆتی دەکەن و بەرەو مەککەی دەبەن، وەکو کۆیلە دەیفرۆشن بە بەنی حارس و ئەوانیش لەسەر کوشتنی ھاوڕا دەبن!
بەڵێ بەو شێوەیە دەبرێتە مەککەو لەوێشەوە سوکایەتیەکی زۆری پێدەکەن، منداڵ و ھەرزەکارو ژن و پیاوی مەککە دەکەونە گیانی بە لێدان و گاڵتەو ئیھانەپێکردن!
کاتێک وادەی لەسێدارەدانی نزیک دەبێتەوە و دەیانەوێت کۆتایی بە ژیانی بهێنن، داوای گوێزانێک دەکات تاوەکو خۆی پێ پاک بکاتەوەو بە پاکی بە خودای خۆی بگاتەوە. ئافرەتێک گوێزانێکی بۆ دەھێنێت تاوەکو کاری خۆی پێ بێنێتە پایان و خۆی پێ پاک بکاتەوە!
لەوکاتەدا ئافرەتە بەئاگادێتەوە وا کۆرپەکەی دیار نییەو ترس دایدەگرێت!! نەچووبێتە لای خوبەیبی زیندانی وا چاوەڕێی مەرگە! ئەو هەموو سوكایەتیەی پێكراوە، ئێستایش دەیانەوێت بیكوژن و پارچە پارچەی بكەن! باشە دەبێ خوبەیب چۆن داخی دڵی خۆی بە مناڵ و نەوەکانیان بڕێژێت و لەت و پەتی بکات، چونكە کەسو کاری سوکایەتی نەماوە پێی نەکەن، وا ئێستایش  بڕیاریان داوە لە سێدارەی بدەن؟!
کاتێک ئافرەتەکە دەڕوات و نزیک دەبێتەوە، دەبینێت وا کۆرپەکەی ئارام ئارام لە باوەشی خوبەیب دانیشتووە، خوبەیبیش کە شپرزی و پەرتەوازەیی لە جەستەی دایکەكەو و ترسێکی زۆر لە ڕوومەتیا بەدی دەکات، پێی دەڵێت: (أَتَخْشَيْنَ أَنْ أَقْتُلَهُ؟ مَا كُنْتُ لِأَفْعَلَ ذَلِكَ) (رَوَاهُ البُخَارِيُّ (5/78 بِرَقَمِ:(3989)).
واتە: ئایا دەترسیت بیکوژم؟ نا من وەھا کارێک ناکەم!
خودایە ئەمە چ دڵێکە؟ ئەمە لە چ فێرگایەک فێربووە؟ چ مەنھەج و بەرنامەیەک وەھا مرۆڤێکی پاک و بێگەرد پەروەردە دەکات، تەنانەت لە وەھا ساتێکی هەستیاریشدا نەفس و شەیتان زاڵ نابن بەسەریداو لە خشتەی نابەن، تا بکەوێتە وەھا ھەڵەیەک و زیان بەو منداڵە بگەیەنێت؟!
کێ توانای وەھا پەروەردەیەکی ھەیە بێجگە لەو ئاینە پیرۆزەی ئیسلام؟! بێجگە لە سوننەتی پڕ شکۆی پێغەمبەری خۆشەویست ﷺ ؟!
ئا لێرەوە فێردەبین خودای گەورە بۆچی ئەوانی بەرزکردەوەو لە قورئانی پیرۆزدا لە باسیاندا دەفەرموێت: (وَالسَّابِقُونَ الْأَوَّلُونَ مِنَ الْمُهَاجِرِينَ وَالْأَنصَارِ وَالَّذِينَ اتَّبَعُوهُم بِإِحْسَانٍ رَّضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ وَأَعَدَّ لَهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي تَحْتَهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَدًا ۚ ذَٰلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ) التوبە: 100.
لێرەوە بەدیار دەکەوێت بەھای مرۆڤبوون یانی چی، ئەوەیە مێژووی ئێمەو ئەوەیە کەسایەتیەکانمان، پێویستە ئەوانەی ئەمڕۆ بوون بە وتەبێژی مافەکانی مرۆڤ، مرۆڤبوونمان پێ دەفڕۆشنەوە و بە وانە دەیڵێنەوە و ڕەفتاری پێ ناکەن، بێن و بەچۆکدا لە خزمەت ڕەفتاری سەردارانی ئێمەدا ئەو وانانە بە كردەیی فێربن.
خودایە لەو ھاوەڵە بەرزە ڕازی ببە و وێنەی ئەومان لەنێودا زیندوو بکەرە، ھەموومان بە ئاگا بێنەرەوە تا بیانکەینە سەرمەشق و مامۆستای خۆمان، لێیانەوە فێری ژیانکردنێکی تەندرووست ببین(1)..

____________________

(1) ئەم هاوەڵە خۆشەویستە هۆنراوەیەكی وتووە كە تێیدا باسی دۆخی سەختی خۆی دەكات پێش مردنی، زانایانی فەرموودە باسیان كردووە و لەكتێبە مێژووییەكانیشدا هاتووە، گرنگە بەرچاوتان بكەوێت تا ببینن لە چی دۆخێكدا ئەم هەڵوێستە مەردانەی نوواندووە، ئەمە دەقی هۆنراوەكەیە:

لَقَدْ جَمَعَ الْأَحْزَابُ حَوْلِي وَأَلَّبُوا([1])

قَبَائِلَهُمْ وَاسْتَجْمَعُوا كُلَّ مَجْمَعِ

وَكُلُّهُمْ مُبْدِي الْعَدَاوَةِ جَاهِدٌ

عَلَيَّ لِأَنِّي فِي وِثَاقٍ مُضَيَّعِ

وَقَدْ جَمَّعُوا أَبْنَاءَهُمْ وَنِسَاءَهُمْ

وَقُرِّبْتُ مِنْ جِذْعٍ طَوِيلٍ مُمَنَّعِ

إِلَى اللهِ أَشْكُو غُرْبَتِي ثُمَّ كُرْبَتِي

وَمَا أَرْصَدَ الْأَعْدَاءُ لِي عِنْدَ مَصْرَعِي

فَذَا الْعَرْشِ صَبِّرْنِي عَلَى مَا يُرَادُ بِي

فَقَدْ بَضَّعُوا([2]) لَحْمِي وَقَدْ يَاسَ مَطْمَعِي

وَذَلِكَ فِي ذَاتِ الْإِلَهِ وَإِنْ يَشَأْ

يُبَارِكْ عَلَى أَوْصَالِ شِلْوٍ مُمَزَّعِ([3])

وَقَدْ خَيَّرُونِي الْكُفْرَ وَالْمَوْتَ دُونَهُ([4])

وَقَدْ هَمَلَتْ عَيْنَايَ مِنْ غَيْرِ مَجْزَعِ

وَمَا بِي حِذَارُ الْمَوْتِ إِنِّي لَمَيِّتٌ

وَلَكِنْ حِذَارِي جَحْمُ([5]) نَارٍ مُلَفِّعِ([6])

فَوَاللهِ مَا أَرْجُو إِذَا مُتُّ مُسْلِمًا

عَلَى أَيِّ جَنْبٍ كَانَ فِي اللهِ مَضْجَعِي

فَلَسْتُ بِمُبْدٍ لِلْعَدُوِّ تَخَشُّعًا

وَلَا جَزَعًا إِنِّي إِلَى اللهِ مَرْجِعِي



 

([1]) ألَّبُوا: حَرَّضُوا، وَغَرَسُوا العَدَاوَةَ.

([2]) بَضَّعُوا: شَقُّوا وَقَطَعُوا وَصَيَّرُوهُ إِلَى أبْعَاضٍ.

([3]) الشِّلْوُ: العُضْوُ. الْمُمَزَّعُ: الْمُقَطَّعُ. أَيْ: جَسَدٍ مُقَطَّعٍ.

([4]) يَعْنِي خَيَّرونِي بينَ اختِيَارِ الكُفرِ وَالرِّدَّةِ أَوِ القَتْلِ.

([5]) الجَحْمُ: الوَقَدُ وَالتَّأَجُّجُ.

([6]) نَارٌ مُلَفِّعَةٌ: ذَاتُ لَهَبٍ، مِنْ قَوْلِهِم: لَفَعَتْهُ النَّارُ إِذَا أَصَابَهُ لَهِيْبُهَا.

 

 

 

 

 1021   |    9/23/2021 4:01:35 PM

زیاتر