هۆنراوەیەكی جوانی سابیری لە سەركۆنەی "نەفس"ـدا

هۆنراوەیەكی جوانی سابیری لە سەركۆنەی "نەفس"ـدا:

يا اله العالمين و پادشاھی بێ نیاز
ڕەستەگارم کەی لە داوی نەفسی پیس و حیلەباز
دین و ئیمانی بە دینار و درەم دا سەربەسەر
ئابڕووی بردم لەبەر دەرگاھی پەتریق و پەپاز(1)
قەسد ئەکا مەغزی(2) سەرم دەرکا وەکوو ماری زەحاک
لامل و چەرمی پەناگوێمی ھەموو پچڕی بە گاز
گاھێ(3) تێرە مەزھەبی نەمروود و فیرعەونی ھەیە
گاھێ برسی، مەشڕەبی(4) دوڕڕەندە وەک گورگ و بەراز
قازییە فتوا دەدا ئەملاکی ئەیتامی عیراق(5)
موفتییە بۆ غارەتی ئەموالی حوججاجی حیجاز(6)
تا بڵێی غەددارە بێ شەرم و ویقار و بێ وەفا
موختەسەر خۆشە قسەی ناسازە گوفتاری دراز
تا وەکوو بەرخی دەساژۆ(7) نانی شوانی نەفس ئەخۆی
سەد بەڵا بۆ تۆ لە پارێزایە وەک گورگ و بەراز
تا بە گیانی جووجەڵەی پیرێژنان کۆلارە بی
ھەر ئەسیری نەگبەتی وەک کۆتری ژێر چنگی باز
تۆ کە خزمەتکاری نەفسی حیزی ئازاییت نەما
لافی مەردی لێمەدە پوورێ بە خشڵ و چەک مەناز
ئەی درێغا پیاوی ئازا وا لە دونیادا نەما
تەکیە چۆڵ و پڕ لە ئەولادی ئەوان ئۆتێل پەڵاز
داخەکەم بۆ موئمینی ساغ و سەلیم و بێ ڕیا
زۆر کەمە دەس ناکەوێ لەم وەختەدا ئیللا بە شاز
سابیری تەنپەروەری(8) تاکەی؟ ئەجەل نەزدیکە لێت
تووشەیێ(9) پەیداکە ئەی بێچارە بۆ ڕێگای دراز(10)
سابیری تاکەی مەراقی مەتعەمولغازی دەکەی؟
عارف يَكْفِيكَ(11)، ئەگەر مەیلت حەقیقەت یا مەجاز

 

_______________________

(1) پەتریق و پەپاز: پیاوی ئایینی مەسیحیەكانن.

(2) مەغز: مێشك.

(3) گاهێ: ساتێك، دەمێك.

(4) مەشرەب: ڕێچكە، مەزهەب.

(5)واتە: دادوەرێكی نادادە و بە گوێرەی ویستی خۆی ماڵ و سامان دەپچڕێت بۆ خۆی.

(6) واتە: موفتیەكی لاسارە و لەبەرژەوەندی خۆی فەتوا دەدات.

(7) دەساژۆ: دەستەمۆ، دەستەژۆ.

(8) تەنپەروەر: لێكدراوە لە (تەن) بە واتای (جەستە) لەگەڵ پەروەر، یانی كەسێك هەر گرنگی بە خۆی بدات، خۆی ماندوو نەكات و بێكار دابنیشێت.

(9) تووشە: تێشوو.

(10) درێژ: مەبەستی قیامەتە.

(11) يَكْفِيكَ: بەستە.

 

 1066   |    9/7/2021 10:20:34 PM

زیاتر